کونسوڵ و وەزیری دارایی کۆبوونەوە
ئێران نێوەندگیریی هەرێم و بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی موچە
964+
ژووری هەواڵ
کونسوڵی گشتیی ئێران و وەفدێکی یاوەری چوونەتە لای ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، پێیانوتووە تاران نێوەندگیریی هەرێم و بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ سێشەمە 5.12.2023، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و نەسروڵڵا رەشنوودی کونسوڵی ئێران لە هەولێر کۆبوونەتەوە، باسیان لە موچەی فەرمانبەران، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و دواکەوتنی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی وتویەتی، “بە چارەسەربوونی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابووری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بە تایبەت کێشەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان”.
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش کردووە، دەیانەوێت بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای موچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت، داواشی لە کونسوڵی ئێران کردووە، لە رێگەی پەیوەندییەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان، وتوشیەتی “هیوخوازین بۆ ساڵی داهاتوو پرسی موچەی فەرمانبەران لە هەموو کێشەو ململانێیەک دوور بخەنەوە”.
“[نەسروڵڵا رەشنوودی] رایگەیاند، توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجەو مووچە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت”، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
رۆژی 17.9.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر ناردنی سێ وەجبە 700 ملیار دیناری بۆ هەرێم، بەڵام تا ئێستا دوو گوژمەی گەیشتووە و فەرمانبەرانی هەرێمیش هێشتا موچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە.