ATMی یەکێک لە لقەکانی RT بانک. وێنە:964
لە بانک موچە وەردەگرن
ژمارەی بەشداربووانی “هەژماری من” گەیشتە 175 هەزار کەس
964+
ژووری هەواڵ
نزیکەی 175 هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی “هەژماری من” تۆمار کراون تا موچەکانیان بێسەرئێشە لە بانک وەربگرن، حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، پرۆسەی تۆمارکردنەکە بەردەوام دەبێت.
پرۆژەی “هەژماری من” ئاسانکاری دەکات بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.
ئێستا 175 هەزار و 381 فەرمانبەر کە لە پرۆژەکە تۆمارکراون، “دەتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەستیان بە موچەکانیان بگات”، حکومەتی هەرێم وا دەڵێت.
ئەو بانکانەی کە لە پرۆژەی “هەژماری من” بەشدارن و موچەی فەرمانبەران دەکەنە ئەلیکترۆنی، پێنج دانەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندە کە پارەیان بۆ بنێرێت و ئەوانیش مانگانە بیدەن بە موچەخۆران.
هەروەها لەو رێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا مانگی 12یە و فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا موچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە.