سەردانیش کەمیکردووە
ئەم مانگە حاڵەتەکانی پەلاماردانی سەگی کۆڵانەکان کەمتر بووەتەوە
964+
فەهمی نەبی
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر ئاماری مانگێکی سەردانیکەرانی نەخۆشخانەکەی بڵاوکردەوە، بەراورد بە مانگی رابردوو حاڵەتەکانی گرتنی سەگ یان پەلاماردان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە بەراورد بە مانگی رابردوو.
ئەمڕۆ دووشەممە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر ئاماری سەردانیکەرانی مانگی رابردووی بڵاوکردوەتەوە، بەپێی ئامارەکە ئەم مانگە 28 کەس لە نەخۆشخانەکە ناویان تۆمارکراوە کە سەگ پەلاماری داون، بەڵام مانگی رابردوو ئەو ژمارەیە 68 حاڵەت بووە.
مانگی رابردوو تەنیا 10 کەس بەهۆی دووپشک پێوەدان و دوو کەس بەهۆی مار پێوەدان لە نەخۆشخانەکە چارەسەریان وەرگرتووە، بەڵام مانگی 10 ئەوانەی بەهۆی پێوەدانی دووپشک چارەسەریان وەرگرتووە 29 کەس بوون و ئەوانەشی بەهۆی مار پێوەدانەوە بووە 58 کەس بوون.
مانگی 11 ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی رووداوی هاتوچۆ نێردراون بۆ ئەو نەخۆشخانەیە 257 کەس بووە، بەڵام مانگی 10 ئەو ژمارەیە 294 کەس بووە.
هەر بەپێی ئامارەکە مانگی رابردوو 12 هەزار و 896 کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، ئەو ژمارەیە کەمیکردووە بەراورد بە مانگی پێش خۆی 15 هەزار 167 کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردبوو.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای شاری هەولێر دەکەوێتە شەقامی 100 مەتری لەبەشی رۆژئاوای شار.