زۆری نەماوە بۆ فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک و ئەمساڵ بەندکراوەکانیش بینەر دەبن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بڕیارە رۆژی 9.12.2023 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک گەڕی 10 دەستپێبکات و زیاتر لە 100 فیلمی بیانی و کوردی هەڵبژێردراون و نمایش دەکرێن.

هەموو ساڵێک فیلمەکانی ناو فێستیڤاڵەکە لە سینەماکان و هۆڵ و مۆڵەکانی دهۆک نمایشدەکران، بەڵام لەم خولەیدا جیاواز لەو شوێنانە لە بەندیخانەی چاکسازی زرکا بۆ بەندکراوەکانیش نمایش دەکرێن.

حەسەن عارف وتەبێژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بە 964ـی وت، لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای وەرگرتنی فیلم لە 1.6.2023 نزیکەی 700 فیلمی بیانی و کوردی پێشکەشکران، بەڵام دواجار دوای هەڵسەنگاندن 116 فیلم هەڵبژێردران.

وتیشی، لەوانەی هەڵبژێردراون 50 فیلمی کوردین و 66 فیلمی بیانین و کە لە 16 زمانی جیاواز پێکهاتوون و فیلمی کورت و درێژ و دۆکیۆمێنتاریشی تێدایە.

بۆ ئەمساڵ فیلمەکان لە سینەمای دهۆک مۆڵ و هۆڵی کۆنفرانسەکان لە زانکۆی دهۆک و هەروەها چاکسازی زرکا نمایش دەکرێت، و ئەو فیلمەی دەبێتە باشترین فیلم خەلاتی”یەڵماز گونای” وەردەگرێت کە بەهاکەی 10 هەزار دۆلارە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی