10 حاڵەتی توشبوون بە ئایدز لە دهۆک بوونی هەیە

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

ئەمرۆ رۆژی جیهانی نەخۆشی ئایدزە و پارێزگای دهۆکیش 10 حالەتی نەخۆشیەکەی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک تۆمارکردووە.

تەنیا ئەمسال لە پارێزگای دهۆک هەشت حاڵەتی نەخۆشی ئایدز تۆمارکراوە و دوو حاڵەتی تریش پێشتر هەبوون و ئیستا بووەتە 10 حاڵەت.

د.سەگڤان حەسەن بەرپرسی هۆبەی نەخۆشیە گواستراوەکان لە تەندروستی گشتی دهۆک بە 964ـی وت، ئەمساڵ لە سنووری پاریزگای دهۆک هەشت کەس تۆمارکراون کە هەڵگری نەخۆشی HIV ئایدزن، چواریان خەڵکی دەرەوەی کوردستانن و بیانین و چواری دیکەیان هاوڵاتی پارێزگای دهۆکن بەڵام لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

وتیشی، ئەو چوار کەسە بیانییەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن دوای ئەوە پشکنینەکانیان گەڕاوەتەوە و هەڵگر بوون هەرچەندە بۆ کارکردن لە دهۆک بوون گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان کە خەڵکی هیندستان، میسر و پاکستان بوون.

هەرچی ئەوانەی دهۆکن ئێستا دۆخیان باشە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان، لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشییەکەدان و چارەسەر وەردەگرن.

نەخۆشی ئایدز کە ناوە زانستیەکەی HIVـیە، نەخۆشیەکی کوشندەیە و لە رێگای سێکس کردن و هەروەها لە رێگای خوێنەوە دەگوازرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی