پارێزەرێک وەڵام دەداتەوە
ئەگەر زەوی بێتاپۆت کڕیوە دەتوانیت پارەکەی وەربگریتەوە؟
964+
پێشەوا محەمەد
پارێزەرێک رایدەگەیەنێت، بە پشتبەستن بە چەند مادەیەکی یاسایی و بە ئەنجامدانی چەند هەنگاوێک ئەو کەسانەی زەویی بێتاپۆیان کڕیوە و پێیان وتراوە تاپۆ دەکرێن دەتوانن پارەکانیان لە فرۆشیار وەربگرنەوە.
ئالان ژاژڵەیی، پارێزەری راوێژکارە و بە 964ـی راگەیاند، کڕیار دەتوانێت بە گوێرەی مادەکانی 508 و 137ـی یاسای شارستانی سکاڵا لەسەر فرۆشیار تۆمار بکات.
ئەو پارێزەرە دەڵێت، “ئەگەر موڵکێکت بە بەڵێنی تاپۆکردن کڕیبوو و دواتر تاپۆ نەکرا، ئەوا سکاڵا تۆمار دەکەیت و ئەگەر گرێبەست هەبوو و بۆ دادگات سەلماند ئەو واژۆیە یان پەنجەمۆرەی سەر گرێبەستەکە هی فرۆشیارە ئەوا دادگا راستەوخۆ بڕیای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە دەدات”.
بە وتەی ئەو پارێزەرە، ئەگەر گرێبەست لەنێواندا نەبوو ئەوا دادگا سوێندی فرۆشیار دەدات، ئەگەر وتی کارێکی وا هەیە ئەوا بڕیاری گێڕانەوەی پارەکەی بەسەردا دەسەپەێندرێت و ئەگەر سوێندیشی خوارد بڵێ وا نییە ئەو کڕیار هیچی ناکەوێت.
“خۆم لە دادگای سلێمانی تا ئێستا دوو کەیسی هاوشێوەم یەکلایی کردووەتەوە و پارەم بۆ کڕیارەکان گێڕاوەتەوە، چونکە زەویان بە مەرجی تاپۆکردن کڕیوە و دواتر تاپۆ نەکراوە”، ئالان ژاژڵەیی وای وت.