بۆ پشکنین
بەڕێوەبەرایەتییەکان ناچار دەکرێن هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی بکەن
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ، تیمی بەرگری شارستانی دەخرێتە ناو تەواوی تیمی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەوە، کە بۆ مۆڵەتپێدان سەردانی خانوو، باڵەخانە، هۆتێل و دوکان و رێستۆرانتەکان دەکەن.
بڕیارەکە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە بەسەر سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان گشتێندراوە.
“بڕیارەکە بەو جۆرەیە دەبێت بۆ هەر شوێنێک رەزامەندی تیمی بەرگری شارستانی وەربگیرێت و دوای رەزامەندی ئەوان مۆڵەت بەو شوێنانە بدرێت، چونکە دەبێت تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی لە خانوو و باڵەخانە و شوێنەکانی تردا جێبەجێ بکرێت”، ئەوە قسەی ئاوات عەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.
نووسراوەکە ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان، سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی کراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی وتیشی، “پیشتر ئەو هەماهەنگییە وەک پێویست نەبووە”.