جۆری سپییەکەی دەرەجە یەکە
بەرهەمی ئەمساڵی ترشی ئاکرێ پێنج هەزار تۆنە
964+
پێشەوا محەمەد
بەرهەمی ئەمساڵی ترشی ئاکرێ “سماق” پێنج هەزار تۆنە و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکەش دەڵێت، ئەمساڵ ترشەکەیان باشترین کوالێتیی هەبووە.
لەو سنوورەدا سێ ملیۆن بنەداری ترش بوونیان هەیە لەسەر زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی بەرهەم دەهێندرێن و سێ جۆر ترشیشیان هەیە، ترشی سپی، ترشی سوور و ترشی بالیکی.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وت، “بەرهەمی ترشی ئەمساڵ زۆر باش بووە و جۆری سپییەکەی زۆر خواستی لەسەرە و کیلۆی هەشت هەزار دینار دەکات”.
وتیشی، “وەک کشتوکاڵی قەزاکە، هەمیشە ئاسانکاری بۆ جوتیارانی بەرهەمهێنەری ترش دەکەین لە قەزاکەدا و ئەوەی بۆمان بکرێت درێغی ناکەین”.
سەبارەت بە کێشەی رێگاوبانی جوتیاران بۆ گەیشتن بە باخە ترشەکانیان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ وتی، “چاککردنی ئەو رێگاوبانانە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام بەردەوام داواکاریی چاککردنیان بۆ شارەوانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەرز دەکەینەوە”.
“سەرجەم ترشەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ساغ دەکرێتەوە”، ئەوەش قسەی فازڵ مستەفایە.