گردبوونەوەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان. فۆتۆ/964+
خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی گەرمیان کۆتاییان بە بایکۆت ھێنا
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای نزیکەی نۆ ھەفتە لە بایکۆت و گردبوونەوە، خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان، بایکۆتیان شکاند.
وەک چارەسەرێکی هەنووکەیی چەند داواکاریەکیان خستەڕوو زانکۆی گەرمیانیش رەزامەندی پێشان دا.توانا لەتیف نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە 964ى وت” لە ژێر گوشاری فەوتانی خوێندنی ئەمساڵمان بووین، بۆیە بەناچاری ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستمان بە دەوامی ئاسایی کردەوە”
مەرجەکانی خوێندکاران بۆ شکاندنی بایکۆت، بریتیبون لە چوار خاڵ:
درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن بە شێوەیەک لە رەزامەندنی خوێندکاران بێت، رێگەیان پێبدرێت بڕۆنە نەخۆشخانەکانی گەرمیان و دەرنەکرێن، گواستنەوەیان بۆ نەخوشخانەکانی سلێمانی بۆ ئەو وانە پراکتیکیانەی کە لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان نییە، پێداچونەوە بە خوێندنی پارالێڵی بە پارە بکرێت.
شێرکۆ نەریمان راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە 964ى وت، “رەزامەندیمان لەسەر داواکاری خوێندکاران نیشانداوە، بە درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندنیشیان بۆ مانگێک قەرەبووی ئەو ماوەیەیان بۆ دەکرێتەوە، کە بایکۆتیان کردبوو”
کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە، خوێندکارەکانیان کێشەی کەمیی ستاف و نەبوونی نەخۆشخانەی فێرکاریان ھەبوو، لە بەرامبەر چارەسەر نەکردنی گرفتەکانیان ماوەی نزیکەی نۆ ھەفتە بایکۆتی خوێندنیان کرد و داوای داخستنی کۆلێژەکەیان دەکرد.
پێداچوونەوە: شاخەوان عومەر
دوو بڕیار لە بەرژەوەندی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان درا