سەرما هۆکارە
زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئامێدی داخراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
نزیکەی دوو هەفتەیە، بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ژمارەی گەشتیاران، زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری ئامێدی داخراون.
لە سنوری قەزای ئامێدی نزیکی 150 شوێنی گەشتیاری هەن لەوانە، “سەیرانگەی ئاشەوا، ئێنیشکێ، سۆلاڤ، رووی شین، گەڵی شێرانە، هاوینگەهی ڤین و چەمانکێ”..
زیاتر لە 30 دوکان و مارکێت و 40 کەپر، لەگەڵ چوار خواردنگە تەنیا لە سولاڤ لە نزیک سەنتەری قەزای ئامێدی داخراون.
سێ ساڵە لە ئامێدی موڵەتی دروستکردنی خانووی گەشتیاری راگیراوە
حەمید محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ـى وت، “بەهۆی ساردی کەشوهەوا چەندین شوێنی گەشتیاری کە سوودی بۆ گەشتیاران نییە داخراون، تەنیا چەند چێشتخانەیەک لەگەڵ ژمارەیەک هۆتێل بە کراوەیی دەمێننەوە، چونکە ژمارەی گەشتیاران لەم وەرزەدا زۆر کەمە”.
بە گوێرەی ئامارێکی ئەوان بێت، ئەمساڵ 500 هەزار گەشتیار سەردانیان کردوون، حەمید محەمەد وتی، ” لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەری ساڵ، هەندێک لە ئامادەکارییەکان چڕتر دەکەینەوە، تایبەت کاتێک بەفر دەبارێت، گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەرەو چیای گارە لە قەزای ئامێدی دەڕۆن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا