داوای هاوتاکردنی موچەکانیان دەکەن لەگەڵ بەغدا

خانەنشینان ئەمڕۆ پەیامێک دەدەنە حکومەت

964+

دیلان محەمەد جەزا

یەکێتیی خانەنشینان ناڕازین و داوا دەکەن حکومەتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکەن و موچەکانیان هاوتای موچەی خانەنشینانی عێراق بکرێت.

سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەریکرد، دەبێت موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای موچەی عێراقی لێبکرێت.

باسی لەوەکرد، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە، ئەمڕۆ پەیامێک دەدەین بە حکومەتی هەرێم، ماوەی هەفتەیەک چاوەڕوانی وەڵام دەکەن، ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە چەند رێکارێکی مەدەنی دەگرنەبەر.

ماوەی نۆ ساڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا سەرقاڵن، بۆ ئەوەی موچەکانیان چاک بکرێت، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ئەگەری هەیە وەک موچەخۆرانی دیکە داوا بکەن موچەکانیان بخرێتە سەر بەغداد، سادق عوسمان وای وت.

لە حکومەتی عێراقدا کاتێک فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت 12 موچەی تەواوی پێ دەدرێت، بەڵام لە هەرێمدا شەش موچەی بنەڕەتی دەدرێتێ.

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، خانەنشینێک لە هەرێم 918 هەزار دینار وەردەگرێت مانگانە، بەڵام هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرە لە حکومەتی عێراقدا مانگی ملیۆنێک و 420 هەزار دینار وەردەگرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی