له‌هه‌رێم هیچ ئاماده‌كارییه‌كى بۆ نه‌كراوه‌

ئێران خه‌ریكی ئاماده‌كارییە بۆ كردنه‌وه‌ى مه‌رزێك له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كۆمارى ئیسلامی ئێران له‌ سنوورى شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، خه‌ریكى ئاماده‌كارییه‌كانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى مه‌رزێكى نوێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خوڕماڵ كه‌ مه‌رزه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووره‌كه‌ى، ده‌ڵێت، ئاگادارى ئه‌و ئاماده‌كاریانه‌ى ئێران نین.

مه‌رزه‌كه‌ ناوى “ملەخورد”ه‌، دەکەوێتە نێوان سەڵواوا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خورماڵ لە هەرێمی کوردستان، تاکە مەرزی نێوان پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای سنەیە.

كه‌ناڵى فه‌رمى (خراسان كردستان)ـى ئێرانى له‌ راپۆرتێكدا دیمه‌نى ئه‌و شوێنه‌ نیشانده‌دات كه‌ تیایدا ئاماده‌كارى بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م مه‌رزه‌ ده‌كرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌رپرسێكی ئێرانى به‌ناوى نورى، جێگرى كاروبارى ئابوورى پارێزگاى كوردستان قسه‌ ده‌كات و باس له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى كردنه‌وه‌ى ئه‌م مه‌رزه‌ ده‌كات.

فه‌ره‌یدون مه‌حمود ره‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خوڕماڵ بۆ‌ 964 بێئاگایی خۆى له‌و هه‌وڵه‌ى ئێران بۆ ئاماده‌كارییه‌كانى راگه‌یاند، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ دیوى هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رزه‌ نه‌كراوه‌.

وتیشی، “كاتى خۆى قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ئه‌م مه‌رزه‌ كراوه‌ و بڕیاریش بوو دانیشتنى نێوان هه‌ردوو پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ و سنه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تا ئێستا شتێكی نوێ له‌وباره‌وه‌ نیه‌”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، تا ئێستا له‌نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ئێران سێ ده‌روازه‌ى فه‌رمی هه‌ن، پەروێزخان لە گەرمیان، باشماخ لە سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە هەولێر.

هەریەکە لە مەرزەکانی سەیرانبەن و تەوێڵە و شوشمێ لە هەڵەبجە، کێلێ لە سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین، شێخ سێڵە و پشتە لە ئیدارەی گەرمیان و کێلەشین لە سیدەکان تا ئێستاش نافه‌رمین له‌نێوان هه‌ردوولادا.

ئێران خه‌ریكی ئاماده‌كارییە بۆ كردنه‌وه‌ى مه‌رزێك له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌