لە سلێمانی

لەلایەن وەبەرهێنانەوە داوا لە پڕۆژەکان کراوە نرخ داببەزێنن

964+

دیلان محەمەد جەزا

بێ موچەیی و ناجێگیری نرخی دۆلار هاوڵاتیانی لە کڕینی یەکەکانی نیشتەجێ بوون دوور خستووتەوە، بەڕێوبەری وەبەرهێنانیش دەڵێت، قسەمان لەگەڵ پڕۆژەکاندا کردووە نرخ داببەزێنن.

عەزیز محەمەد بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە 964ـی وت، قسە لەگەڵ سەرجەم پڕۆژەی نیشتەجێبونەکانی وەبەرهێناندا کراوە نرخەکانیان بهێننە خوارەوە، بۆ ئەوەی هاوکاری هاوڵاتیان بکرێت، توانای پێدانی پارەیان هەبێت.

باسی لەوەکرد، ناجێگیری موچە و نەبوونی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دوو هۆکارن بۆ نەفرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون.

ئەوەی خستەڕو، ئێستا 10 پڕۆژەی نیشتەجێبون لە کاردان، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی دیکە دەکەونە کار، بە تەنیا دروستکردنی پڕۆژە گرنگ نییە، ئەو بابەتانەی لە ناو پڕۆژەکاندان گرنگن.

لە شاری سلێمانی 31 پڕۆژە هەیە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان نیتە، لەلایەن شارەوانییەوە رێگەپێدانیان بۆ کراوە، گەر هەر گرفتێک هەبێت لەو پڕۆژانەدا وەبەرهێنان لێی بەرپرس نییە، عەزیز محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی