"شەش مانگ بوو ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو"
تایەی بارهەڵگرێک بوو بە هۆکاری گیانلەدەستدانی
964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێک کە پیشەی پەنچەرچی بووە، لەکاتی کارکردن لە تایەی بارهەڵگرێک، تایەکە پێیدا تەقیوەتەوە و گیانیلەدەستداوە.
رووداوەکە لە یەکێک لەدوکانەکانی قەزای قوشتەپەی باشوری هەولێر بووە، بەگوێرەی ئەو کەسەی قسەی بۆکردووین دەڵێت، هەمووی شەش مانگ دەبێت ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە.
دیار نەجمەدین، ناسیاوی کرێکارەکەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ئەو ناسیاوەی من تەمەنی 19 ساڵان بوو، لەیەکێک لە دوکانەکانی پەنچەرچی ناوچەی پیشەسازی قوشتەپە کاریکردووە، لەکاتی کارکردن لە تایەی بارهەڵگرێک پێیدا تەقیوەتەوە و بەسەختی بریندار بووە، بەڵام دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە”.
لەسەر ئەم رووداوە 964 پەیوەندیکرد بە حەسەن عبدولرەحمان سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لقی هەولێر، بەڵام هیچ زانیاریەکی لەسەر رووداوەکە نەبوو، وتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
ئامارەکانی سەندیکای کرێکاران دەریدەخات، ئەمساڵ بەگشتی لەشاری هەولێر نۆ کرێکار بەچەندین رووداوی جیاجیا گیانیانلەدەستداوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی