رێنمایی بۆ دایک و باوکان
تەندروستیی سلێمانی: بەم نیشانانە ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر بناسەوە
964+
ژووری هەواڵ
تەندروستیی سلێمانی چەند رێگەیەک بۆ ناسینەوەی ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر باس دەکات و دەڵێت، لەم ساڵانەى دواییدا رێژەى توشبوون بە مادەى هۆشبەر لە هەرێمى كوردستان زیادی كردووە .
ئەمڕۆ سێشەممە 14.11.2023، تەندروستیی سلێمانی هەشت رێگای بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانە بڵاکردەوەکە، کە ئالودەبووی مادەی هۆشبەرن، ئاماژەی بە دایک و باوکان کردووە کە تێبینیى بكەن لەسەر منداڵەکانیان.
بەپێی زانیارییەکانی تەندروستیی سلێمانی، ئاماژەکانی ناسینەوەی ئالودەبووان ئەم هەشت خاڵەن:
1. زۆرینەى كات هەست دەكەیت مەستە و خەواڵوە، لەوانەیە چاوى سوور بێت ئەگەر شوێنى حەوانەوەى بپشكنیت پاشماوەى مژادەكان دەدۆزیتەوە وەك سرنجى دەرزى لێدان، كاغەزى لوولكراو، بوتلى بە تاڵ….هتد
2. دواكەوتنى لە كار یان قوتابخانە یان كۆلێژ، هەروەها كەمبوونەوەى تواناى ئیشكردن، ئارەزوو و لێهاتویى لە خوێندنگا، گۆشەگیرى، دابەزینى نمرەكانى و تەنانەت كەوتن.
3. دیاردەى شپرزەى دەروونى و جەستەیى وەك: كەمبوونەوەى خواردن و دابەزینى كێش، دڵەرِاوكێ، دابەزینى بەرگریى لەش، لاوازى و لەرزین.
4. گۆڕانکاری لە كەسیەتى (هەردەڵێی ئەوکەسەی جاران نییە) و توشبوون بە نەخۆشىیە دەروونىیەكان وەك: خەمۆكى…هتد.
5. تێكچوونى رەفتار، بە شێوەیەك دەبێت كە لەوەو پێش نەیبووە، وەك حەز بە تەنیایى و دەرگاى ژورەكەى هەمیشە داخراوە، پەیوەندنى تەلەفونى زۆر دەكات لەگەڵ كەسانێكى نەناسراو.
6. دەركەوتنى رەفتارى تووندوتیژ بە كردار و بە جنێو بەرامبەر كەسوكار و هاورِێ و خزم، تا دەگاتە پەیوەندىی پچراندن لەگەڵیاندا و دەبێتە هاورِێى كەسانى تازە و گومانلێكراو.
7. گیروگرفتى ئابوورى لە ناو خێزاندا دەستپێدەكات وەك دیاردەى دزیكردن، زیاد خەرجكردنى پارە بەبێ ئەوەى شوێنەكەى دیاربێت.
8. دروستبوونى كێشەى لادانى یاسایى وەك شەرِ و سەرپێچی هاتوچۆ، لەبەر ئەوەى لە ژێر كاریگەریى مادە هۆشبەرەكاندا ئۆتۆمبێل لێدەخورِێت.