ژنان دیزاینی کڵاش دەگۆڕن

+964

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ڤیدیۆ

خواستی ژنان لەسەر کڵاشلەپێکردن زۆر بووە، ئەمەش وایکردووە دەستکاری دیزاینی و رەنگەکەی بکرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ سەلیقەی ژنان.

کڵاش، ئەو پێڵاو تاقانەی کوەردەوارییە کە سەدان ساڵە رکابەری بازاڕ دەکات و وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ژنانی دەستڕەنگین دەیانەوێت جێ پەنجەی خۆیانیان بخەنەسەرو بە دیزاینی جیاوازو رەنگی جیاواز دەیانەێت خۆیانیان پێ نمایش بکەن.

کەیوان هەورامی، دروستکەر و فرۆشیاری کڵاش لە شاری سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: خواستی ژنان بۆ لەپێکردنی کڵاش زیاتر بووە و ژنان بەتایبەت زیاتر وەک دیاری دەیکڕن و دەدەن بە هاوڕێیانیان.

کەیوان کە ماوەی 30 ساڵە ئەو کارە دەکات دەڵێت؛ ژنان ئارەزووی کەرەستەی بریسکەدار و رەنگاورەنگ دەکەن، “ئێستا من ژێری کڵاشی ژنانم کردووە بە لاسیک و بەرزیشم کردووەتەوە، قەیتانداریشمان هەیە.”

لە هەورامان هەر لە سەردەمانی زووەوە ژنانیش وەک پیاوان کڵاشیان لەپێ کردووە.

“کڵاشی ئامادەکراوی ژنان وەک هی پیاوان نییە و کەمتر هەیە، چونکە ژنان لەسەر داخوازیی خۆیان دەیانەوێت و دەبێت بۆیان ئامادە بکرێت، بۆیە وەک کڵاشی پیاوان بەو ڕێژە زۆرە بە ئامادەکراوی داناندرێت”، کەیوان هەورامی وای وت.

سەبارەت بە نرخی کڵاشی ژنانیش دەڵێت؛ بە پێی خواست و شێوازەکەی دەگۆڕێت، بەڵام لە 30 هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات.