شەو و رۆژێک 11 کاتژمێر کارەبایان هەیە

کەمی کارەبا لە مەخمور کێشەی کەمئاوی دروستکردووە

964+

فەهمی نەبی

چەند رۆژێکە بەهۆی گۆڕانکاری لە خشتەی کارەبای مەخمور بێ ئاوی لە گەڕەکەکانی ئەو قەزایە دروستبووە.

غازی جەعفەر، بەڕێوەبەری ئاوی مەخمور بۆ 964 وتی، ئێستا لە مەخمور تەنیا بەشەو کارەبا هەیە، بەڕۆژ ناتوانین ئاو بگەیەنینە ماڵەکان چونکە کارەبای پڕۆژی ئاو بەڕۆژ هەیە و بەشەو نیە، ئەوە بەتەواوی کێشەی بۆ گەڕەکەکان دروستکردووە  

بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی مەخمور، لەشەو و رۆژێکدا قەزای مەخمور تەنیا 11 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە و لە پڕۆژەی کارەبای هەولێر ئەو بەشەی بۆ دابیندەکرێت.

فەرمانگەی ئاوی مەخمور دوو هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە بەڕێوەبەری ئاوی مەخمور دەڵێت، بەشێک لە ماڵەکانی مەخمور هاوبەشیان نەکردووە لەبەر ئەوەی ساڵی 2014 کاتێک چەکدارانی رێکخراوی داعش  مەخموریان داگیرکرد، خەڵک قەزاکەی جێهێشت و لەو کاتەوە فەرمانگەی ئاوی هەولێر کێشەی لەکۆکردنەوەی پارەی هاوبەشانی ئاو بۆ دروستبوو، بەڵام ئێستا فەرمانگەی ئاوی موسڵ پارەی هاوبەشانی ئاو کۆدەکاتەوە.

لەرێگەی سێ سەرچاوە ئاوی قەزاکە دابیندەکرێت، یەکێکیان لە سوڵتان عەبدوڵا راستەوخۆ بە بۆری 20 ئینجی دێتە مەخمور، یەکێکی دیکە لە حاجی عەلی دێتە باقرت و لەوێوە دێتە مەخمور، ئەوەی دیکە لەرێگەی چەند بیرێکە لە گاوەرە بەڵام پشتی پێ نابەسترێت.

مەخمور لە ساڵی 1927 بووەتە قەزا، لە هەولێرەوە 65 کیلۆ مەتر دوورە و لە پارێزگای موسڵ 60 کیلۆمەتر.

مەخمور دوو رۆژ بێ ئاو دەبێت

مەخمور دوو رۆژ بێ ئاو دەبێت