بەرز و نزمی دۆلار بازرگانانی ترساندووە لە هاوردەکردنی بەنزین  

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

نا جێگیری بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینارو گرانبوونی نرخی نەوت، ترس و دڵەراوکێک لای بازرگانانی بەنزین دروستکردووە لە هاوردەکردنی بەنزین.

دابەزینی زیاتری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر نرخی بەنزین هەبووە، بۆ هەر لیترێک بەنزینی نۆڕماڵ، موحەسەن و سوپەر، 25 تاوەکو 50 دیناری هاتۆتەسەر.

ئەو هەڵبەزو دابەزەی بەهای دۆلار هاوشانی هەڵکشانی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جهیانی کە هەردووکیان کاریگەرییان هەیە بەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

شێخ بەھمەن قادر سەرۆکی کۆمەڵەی بەنزینخانەکان بە +964ـی وت؛ ھۆکاری گرانی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نزیکەی مانگێکە کێشەی کەمی بەنزین ھەیە، بەڵام بەنزینی خەزنکراو ھەبووە و توانراوە بەردەوامی پێ بدرێت.

“ئەو بازرگانانەی لەچەند مانگی رابردوو بەنزینیان کڕیوەو بە کەشتی ھێنایانەوە، سەرجەمیان زەرەرمەند بوون”. شێخ بەھمەن قادر وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بەرزو نزمی نرخی دۆلار وایکردووە بازاڕ جێگیر نەبێت، ئەمەش ترسی لای بازرگانانی بەنزین دروستکردووەو ناوێرن سەرکێشی بکەن بەنزین بکڕن.

باسی لەوەشکرد، ئەو بەنزینەی بازرگانەکان ھێنا بویان، فرۆشرا، لە ئێستاشدا بازاڕ متمانەی نییە و ناتوانین بەنزین هاوردە بکەین، وتی “لەسەرووی ھەموو ئەو کێشانەشەوە بەرزی دۆلار کاریگەری ھەیە، لەبەر ئەوەی کڕینی سووتەمەنی بە دۆلارە و بە دینار دەفرۆشرێتەوە، ئەمەش وایکردووە 50 دینار بخەینە سەر هەر لیترێک”.