لە هەولێرن

چاره‌نووسی خێزانه‌ ژه‌هراویبووه‌كه‌ی سۆران چی لێهات؟

+964
ئاکام غەفور- سۆران

ئه‌و پێنج كه‌سه‌ی خێزانێك، كه‌ له‌ سۆران ژه‌هراویبوون، هێشتا له‌ نه‌خۆشخانه‌ن و سێ كه‌سیان له‌ ژێر چاودێریی چڕدان، هێشتاش یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و په‌نیره‌ ژه‌هراویبوونه‌، كه‌ خواردوویانه‌.

رۆژی 25.10.2023 پێنچ ئەندامی یه‌ك خێزان لە سۆران بە هۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون.

964 به‌دواداچونی بۆ رەوشی تەندروستی ئەو خێزانە کرد، تا ئێستا هەر پێنج ئەندامی خێزانەکە لە نەخۆشخانەن، سێ کەسیان تەندروستیان خراپە و لە ژێر چاودێری چڕن لە هەولێر.

محەمەد یه‌عقوب کوڕی ئەو خانه‌واده‌یه‌، کە ژەهراوی بوونە، بە 964ی وت، دایک و باوکی و خوشکێکی تەندروستیان خراپە و بێهۆشن، لە ژێر چاودێریی چڕی هەناسەن، خوشک و برایەکیشی تەندروستیان باشترە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێکیان تەندروستی بەرەو خراپی رۆیشتووە، چوار کەسیان لەوانه‌ له‌ نەخۆشخانەی فریاكه‌وتنی رۆژهەڵاتی هەولێرن و یەکێکیشیان لە نەخۆشخانەی رزگارییە”.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ژه‌هراویبوونی خێزانه‌كه‌، محه‌مه‌د یه‌عقوب وتی، “باوکم بڕێک پەنیری هێناوەتەوە ماڵه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌ خواردوویانه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ تەندروستیان تێک چووە، تەنیا برایه‌كم پەنیرەکەی نەخواردووە و سه‌لامه‌ته‌”.

حەمرین حەمەدەمین، بەڕێوه‌بەری تەندروستیی سۆران بە 964ی وت، “لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو خێزانە بەردەوامە، كه‌ هۆکاره‌كه‌ی پێده‌چێت خواردنی پەنیر بێت، كه‌ لە بازاڕ کڕیوویانه‌، بەڵام ئەنجامی پشکنینی پەنیرەکە نەگەڕاوەتەوە، بۆیه‌ هێشتا ناتوانین دڵنیایی تەواو بدەین کە ئەوە هۆکاره‌كه‌ بووه‌”.

وتیشی، بڕیاریان دەرکردوە بە هەموو شێوەیەک فرۆشتنی بەرهەمە سپیاتییەکان لەسەر پیکاب له‌ ناو بازاڕ قەدەغەیە.

له‌ سۆران پێنچ ئه‌ندامى خێزانێك ژەهراوی بوون

له‌ سۆران پێنچ ئه‌ندامى خێزانێك ژەهراوی بوون