لە دوزخورماتوو
کردنەوەی پەیمانگایەک سێ نەتەوەکە کۆدەکاتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتو
بۆ یەکەمجار پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە دوزخورماتوو کرایەوە و ئەمساڵ 40 خوێندکار وەردەگرێت، ئەم پەیمانگەی سێ نەتەوەکەی قەزاکە کۆدەکاتەوە.
پەیمانگاکە بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەریەکە لە بەشەکانی میوزیک، شێوەکاری و خۆشنووسی هەیە، ئەمڕۆ سێشەممە 31.10.2023 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی خوێندنی کوردی و عەرەبی پەیمانگاکە کرایەوە.
مستەفا سابیر، راگری پەیمانگاکە بە 964ـی وت، “ئامانج لە کردنەوەی پەیمانگاکە زیاتر پەرەپێدانە بە توانای ئەو گەنجانەی بەهرەی هونەرییان تێدایە و بۆ زیاتر لەیەک نزیکردنەوەی چین و توێژەکانی قەزاکە لە رێی کاری هونەرییەوەیە بە هەرسێ نەتەوەکەوە”.
وتیشی، “ئەمساڵ هەنگاوی یەکەمە و 40 خوێندکار تێیدا دەخوێنن و ساڵی داهاتوو فراوانتری دەکەین”.
بەوتەی ئەو بەرپرسە بێت، لە مێژووی قەزای دوزخورماتوودا تا ئێستا ناوەندێک نەبووە بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە بەشە جیاوازەکان، بە کردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان میوزیک و هونەر و وێنەکێشان و هەموو کارێکی هونەری ئەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
کێشەی کەمی کتێب قوتابیانی دوزخورماتووی نیگەران کردووە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد