لە ناوچەی جیاجیان

پێنج رۆژه‌ سلێمانى به‌ده‌ست داربڕه‌ نادیاره‌كان به‌ داده‌داده‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى پێنج رۆژە له‌ سنوورى سلێمانى، كه‌سانى نادیار داری جۆراوجۆر ده‌بڕن و پۆلیسی دارستانیش به‌ده‌ستیانه‌وه‌ به‌داده‌داده‌، چونكه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سی لێ ده‌ستگیر نه‌كردوون.

زۆرینه‌ى ئه‌و دارانه‌ى بڕیویانه‌ له‌ جۆرى به‌ڕوون، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داره‌ به‌هێز و به‌ناوبانگه‌كان و له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان رواون‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ رۆژى 26.10.2023 تا ئه‌مڕۆ، له‌ شوێنی جیاجیاى سنووره‌كه‌یان ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ داریان بڕیوه‌ته‌وه‌.

رۆژى 26.10.2023 لە سنووری مێرگەپان لە بناری چیای پیرەمەگروون، نزیكه‌ى 45 دارى بەڕوو بڕاونەتەوە، كه‌ ته‌مه‌نیان 15 بۆ 20 ساڵ ده‌بێت و سەرپێچیکارانیش نادیارن .

هه‌مان رۆژ، له‌ سنووری گوندی هاڵەی مام قادر له‌ سنوورى ناحیه‌ى بازیان، چەندین دار بەڕووی بڕدراون، هه‌رچه‌نده‌ پۆلیسی دارستان ده‌ڵێت، ده‌ستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گرتووه‌، بەڵام داربڕه‌ سه‌رپێچیكاره‌كان نادیار بوون .

لە گوندی قازان، له‌ سنوورى ناحیەی پیرەمەگرون، 13 دارى بەڕوو بە شۆفڵ هەڵکەندرابوون و تەمەنیان لە نێوان 15 تاوه‌كو 20 ساڵ دەبێت، بەڵام پۆلیس ده‌ڵێت، هیچ کەس نەبینرا لە شوێنی داربڕینەکە.

رۆژى 27.10.2023 لە سنووری گوندی کەلەباش له‌لایه‌ن بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپان ده‌ست به‌سه‌ر 20 دار به‌ڕووى بڕدراودا گیراوه‌، بەڵام هیچ کەسیان نه‌بینیوه‌ لە شوێنی داربڕینەکە.

ئه‌مڕۆش 30.10.2023 لە سنووری ناحیەی خەلەکان چه‌ندین دار به‌ڕوو به‌ بڕاوى دۆزراونه‌ته‌وه‌، كه‌ پۆلیس مه‌زه‌نده‌ى كردووه‌ پیكابێك دار بێت، له‌لایه‌ن کەسانی نادیارن  بڕدراون.

پۆلیسی دارستانى سلێمانى ده‌ڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ته‌واوى ئه‌و كه‌یسانه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و رادەستی دادوەریان كردووه‌ بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و دۆزینەوەی کەسانی سەرپێچیکار.

لەسەر داربڕین 15 رۆژ بەند دەکرێت

لەسەر داربڕین 15 رۆژ بەند دەکرێت