ئێمە ئاوا هەواڵ ساغ دەکەینەوە
زانیاری لەسەر ئەو ژنەی لە قەراغی شەقامێکی هەولێر کەوتبوو
964+
ژووری هەواڵ
بەیانی ئەمڕۆ زانیاری هات، لە نزیک عەلوەی هەولێر تەرمی کەسێک بینراوە، پەیامنێرانی 964 سۆراغیان کرد و وردەکاری چیرۆکەکەیان دۆزییەوە.
بەیانی پێش کاتژمێر 9:00 شایەتحاڵێک بە 964ی وت لە نزیک فولکەی عەلوەی هەولێر (رۆژئاوای شارەکە) تەرمێکی بینیوە کە لەقەراغی شەقامەکە کەوتووە و خەڵک لێی کۆبوونەتەوە، ئەو نەیدەزانی ئەوەی بینیوێتی ژن بووە یان پیاو.
ژووری هەواڵی 964 لەگەڵ پەیامنێران کەوتنە سۆراغی زانیارییەکە و لەهەموو ئەو سەرچاوانەیان پرسی کە دەستیان پێی دەگات، لەسەرەتاوە زانیاری ناچوونیەک دەهات، تا سەرەنجام نیوەڕۆ ساغکرایەوە کە نیوەی زانیارییەکە راستە.
بەڵێ کەسێک بینراوە لە قەراغی شەقامەکە کەوتووە، بەڵام گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو کەوتووەو لە هۆش خۆی چووە، بەڵام ئێستا سەلامەتە، ژنەکە بە پۆلیسی وتووە ”مۆبایلەکەم لێ رفێندراوە منیش ویستوومە وەری بگرمەوە، بەڵام بەر ئەو ئۆتۆمبێلە کەوتووم کە لێی بردووم، دواتر کەوتووم بەلای شۆستەکەدا و لە هۆش خۆم چووم”، ژنەکە لای پۆلیس سکاڵای کردووە.
چۆن زانیارییەکە گەیشت و چۆن ساغکرایەوە؟
08:53 شایەتحاڵێکی جێ باوەڕ: بە چاوی خۆم لای فولکەی عەلوە تەرمێکم بینی کە لە قەراغی شەقامەکە کەوتبوو، خەڵک لێی کۆبووبوونەوە، بینیم گوێنی تێوە پێچرابوو.
08:55: ژووری هەواڵ: هەموو زانیارییەک جێی گومانە، تەنانەت ئەگەر شایەتحاڵەکەش جێی باوەڕ بێت، دەشێ وەک خۆی نەیبنیبێت، بۆیە دەبێ ساغی بکەینەوە.
08:58: پۆلیس وەکو هەموو جارێکی دیکە وەڵام ناداتەوە، نە وتەبێژ وەڵامی هەیە، نە هیچ بەرپرسێکی پۆلیس.
09:01: ژووری هەواڵ پەیوەندی دەکات بە رەجەب عەزیز لە ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر: ئاگادار نیم لە دەروبەری ئێمە هیچ رووداوێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە.
09:06: بەشی پلان لە گروپی پەیامنێران دەنوسێت: رووداوێکی لەم شێوەیە بووە، سۆراغی وردمان دەوێت.
09:09: ئەحمەد شەمزین پەیامنێری هەولێر: چەند سەرچاوەیەک پێیان وتم تا بەرەبەیان هیچ رووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە، بەڵام لەوە بەدواوە نازانن.
09:16: شۆڕش عەبدوڵا پەیامنێری هەولێر: لەگەڵ زیاد لەسەرچاوەیەک قسەم کرد، زانیارییەکان وەک یەک نین، یەکێکیان دەڵێ بەڵێ تەرمێک لەو شوێنە هەڵگیراوەتەوە، سەرچاوەی تریش دەڵێت نەخێر راست نییەو شتی وا نەبووە.
9:20: لە پەیوەندی نێوان ژووری هەواڵ و سەرچاوەیەکی ئەمنی کە ئاگاداری بارودۆخی ناوچەکەیە: زانیارییەکە ناڕاستە، ئەو ژنە تەنیا لە هۆش خۆی چووبوو، هەڵگیرایەوەو برا بۆ نەخۆشخانە.
9:25: نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر چەند جارێک پەیوەندی پێوە دەکرێت وەڵام ناداتەوە.
9:40: لە پەیوەندی نێوان ژووری هەواڵ و سەرچاوەیەک لە تیمی فریاگوزاری تەندروستی: لەلای ئێمە هیچ حاڵەتێکی بەهاناوەچوون تۆمار نەکراوە.
10:09: شۆڕش عەبدوڵا پەیامنێری هەولێر: گەنجێک کە لەناو عەلوە بارشانی دەکات پێی وتم بەڵێ تەرمێک لەم دەوروبەرە بووە، بەڵام سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکان کە زیاتر جێی باوەڕن دەڵێن ئەوە راست نییە.
10:18: شیراز عەبدوڵا پەیامنێری هەولێر: من لە رێگام بۆ شوێنی رووداوەکە و کەمێکی تر دەگەمە ئەوێ.
11:01: شیراز عەبدوڵا: لەو کاتەوە دەگەڕێم هەموو ئەو دەوروبەرە زانیاری دروستیان لانییە، قسەی جیاواز دەکرێت.
11:05: شیراز عەبدوڵا: کەسێکی ئاگادارم بینی، ئەوەی لێرە کەوتووە ژنێکە و لە هۆش خۆی چووە، ئاسایش هەڵیگرتووەو لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
12:14: شیراز عەبدوڵا: لەو کاتەوە لای ئاسایشی سێبیرانم، هیچ زانیارییەک نادەن و دەڵێن ئێمە رێگەپێدراو نین بۆ لێدوان، بەڵام زانیومە ئاسایش ژنەکەی داوە بە پۆلیسی تووڕەق.
12:45: شیراز عەبدوڵا: پۆلیسی تووڕەق هیچ زانیارییەک نادات و دەڵێن ئێمە رێگەپێدراو نین بۆ لێدوان.
12:59: شیراز عەبدوڵا لە گفتوگۆی لەگەڵ ژووری هەواڵ: سەرچاوەیەکی پۆلیس کە لە کەیسەکە ئاگادارە ئەم زانیاریانەی پێ وتم [ناوی سەرچاوەکە لای ژووری هەواڵ پارێزراوە]: ژنەکە لە هۆش خۆی چووە و کە ئاسایش هەڵیگرتووەتەوە رادەستی پۆلیسی کردووە، لەلای پۆلیس ژنەکە بەم شێوەیە باسی رووداوەکەی کردووە ”سەر لەبەیانی لەو شوێنە وەستابووم چاوەڕێی تاکسیم دەکرد، مۆبایلەکەم بە دەستەوە بوو، لەپڕ ئۆتۆمبێلێک دای بەلامدا و مۆبایلەکەی لەدەست رفاندم، منیش رۆشتم بەرەو ئۆتۆمبێلەکە لێی بسەنمەوە، بەڵام بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتم و کەوتم بەقەراغی شۆستەکەدا، ئیتر لەوە زیاترم بیر نییە”.
سەرچاوەکەی 964 وتوویەتی ”پۆلیس ژنەکەی بردووە بۆ پشکنینی پزیشکی پاش ئەوەی زانیویانە سەلامەتەو زەبری پێ نەکەوتووە، یارمەتیان داوە تا چووەتە دادگا سکاڵای تۆمار کردووە”.
تێبینی: گێڕانەوەی ئەم وردەکارییە بۆ ئەوە بوو وەرگری 964 بزانێت تیمەکە بە چ بەرپرسیارێتییەکەوە هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا لە زۆربەی هەرە زۆری رووداوەکان یەکەم سەرچاوەین زانیاریمان بەدەست دەگات، بەڵام وردی ناکەین بە قوربانی خێرایی و لەگەڵ وەرگری خۆماندا راستگۆین.