غەزە لە جیهان دابڕا.. تەواو ئینتەرنێت نەما

964+

ژووری هەواڵ

هێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لەسەرتاسەی غەزە پچڕاوە، ئەمەش بەهۆی لەکارکەوتنی سەرجەم هێڵەکانی سەرەکی فایبەر ئۆپتیک کە ئینتەرنێت بۆ هەموو غەزە دابین دەکەن.

کۆمپانیای (جەوال) کە کۆمپانیایەکی فەرمی فەلەستینیە و ئینتەرنێت بۆ غەزە و کەناری خۆرئاوا لەفەلەستین دابین دەکات، کەمێک پێش ئێستا لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، تەواو غەزە ئینتەرنێت و پەیوەندی نەما.

کۆمپانیاکە نوسیوێتی: ”بۆردومانی چڕی ئەم چەند کاتژمێرەی دوایی بووە هۆی تێکشکاندنی هەموو ئەو رێڕەوە نێودەوڵەتییانەی کە مابوونەوە بۆ ئەوەی غەزە بە جیهانەوە ببەستنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەو هێڵانەی پێشتر بەهۆی دوژمنکارییەوە پچڕابوون، بەهۆی ئەمەوە هەموو پەیوەندییەکان لە غەزەی ئازیز پچڕا”.

ئەم زانیارییە رێکخراوی ”نێت بلۆکس” پشتڕاستی کردەوە، ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەو چاودێری تۆڕی ئینتەرنێت دەکات لە جیهاندا.

بەشێک لە چالاکوانەکانی غەزە ترسیان لێ نیشتووە و دەڵێن ئیسرائیل ئینتەرنێتی بڕیوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەزە چڕ بکاتەوەو نوسیویانە ”کارەسات بەڕێوەیە”.

میدیاکان دەڵێن لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەمڕۆ سەختترین رۆژی غەزە بووە و زۆرترین بۆردومان کراوە لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە هێرش کراوەتە سەر غەزە.