یەک بەرمیلی بە 165 هەزار دینارە

دابەشکردنی نەوت نرخەکەی لەبازاڕ هەرزان کردووە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە بازاڕەکانی سلێمانی نرخی یەک بەرمیل نەوتی 216 لیتری بۆ 165 هەزار دینار دابەزی، لە کاتێکدا پێشتر هەمان بڕ لە سەرووی 180 هەزار دینار دەفرۆشرا.

بە وتەی فرۆشیارێک بێت بۆ 964، دابەشکردنی نەوتی حکومی بەسەر ماڵدا فرۆشی ئەوانی تەواو خاوکردۆتەوە و خواستی دابەزاندووە.

نزیکەی مانگێکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکانی دەست بەدابەشکردنی نەوت کراوە، کە بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر بە نرخی 104 هەزار دینار دابینکراوە.

یونس ئەحمەد، نەوتفرۆش لە سلێمانی ئەمرۆ سێشەممە 24.10.2023 بە 964ی وت، “دابەشکردنی نەوت بەسەر ماڵاندا هەم خواستی کەمکردووتەوە، هەروەک نرخەکەشی دابەزاندووە و بازاڕمان تەواو خاوبووتەوە”.

بەوتەی ئەو فرۆشیارە بێت، ئێستا نەوتی بەغدا لە بازاڕدا بوونی هەیە کە یەک بەرمیلی بە 165 هەزار دینار دەفرۆشرێت، وتیشی، “نەوتی کەرکوک و دوکان و ئێرانیش هەن، بەڵام ئەو کەمبوونەوەی خواستە ئەو جۆرە نەوتانەشی گرتووەتەوە”.

لە ماوەی دوو هەفتەدا، لە شەش قەزا و ناحیەی پارێزگای سلێمانی نزیکەی 13 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە بەسەر هاوڵاتیاندا، بڕیارە هەفتەی داهاتووش لە سەنتەری شار دابەش بکرێت.

لە رێکەوتی 9.10.2023 تاوەکو 23.10.2023، بڕی 12 ملیۆن و 852 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە بەسەر 63 هەزار و 260 خێزان لە پێنجوێن، سەیدسادق، رانیە، ماوەت، شارباژێڕ و بازیان.

نرخی نەوتی ماڵان بەرزبووەوە

نرخی نەوتی ماڵان بەرزبووەوە