شارەوانی ئاگادارە

بەردەم عەلوەی سلێمانی بە خۆڵ تەنراوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەشی ناوەوەی عەلوەی سلێمانی پڕیەتی لە میوە و سەوزە و بابەتی تەندروست، بەڵام بەشی دەرەوەی خۆڵ تەنیویەتی و سەرۆکی سەندیکای عەلوەکەش داوا دەکات دار لەو شوێنە بڕوێندرێت.

لە دەرەوەی عەلوەکە، کە ئەو خۆڵ و خاشاکەی لێ کۆبووەتەوە، ئۆتۆمبێلێکی زۆر دەوەستێت، بە وتەی سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، کۆمپانیاکە هۆکاری پاکنەکردنەوەی خۆڵەکە بۆ زۆریی ئۆتۆمبێل دەگەڕێنێتەوە، کە لەو شوێنە دەوەستن و رێگای پاککردنەوەیان نییە.

ئەو بۆ 964 دەشڵێت، داوایان کردووە ئەو شوێنە داری لێ بڕوێندرێت و ئەوان ئاودان و خزمەتکردنی دەگرنە ئەستۆ.

وەستانی ئۆتۆمبێلەکان لە بەردەم عەلوە لە کاتێکدایە لەو شوێنە پارکی ئۆتۆمبێل هەیە، بەڵام شۆفێرەکان هەر لەو شوێنە سەیارەکانیان رادەگرن.

“ئاگاداری ئەو بابەتەین و پاکیش دەکرێتەوە، بەڵام فریا ناکەون و پیسییەکە زۆرە و وەک خۆی لێدێتەوە”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکە لەسەر ئەو بابەتە ئاگادار دەکەینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەوە سیمایەکی ناشیرین دەبەخشێت بەو ناوچەیە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد