رێگری هەیە؟
وەزیری دارایی هەرێم لە بەغداوە باسی 700 ملیار دینارەکە دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لە بەغدا کێشەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانیان بە راستگۆیی و شەفافی روونکردووەتەوە و ژمارەیەک داتا و زانیارییان پێشکەش کردووە، کە جێگەی قبووڵ بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.10.2023، لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم لە بەغداوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و رایگەیاند، “توانیمان هۆکارەکانی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم بە راستگۆیی و شەفافی لێرە روونبکەینەوە، دەتوانم بڵێم ئەو داتایانەی ئەمڕۆ پێشکەشمان کردن، تا رادەیەکی زۆر جێگەی قبووڵ بوون”.
بە قسەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوهەڵوێست بوون لەوەی، دەبێت چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەی موچەخۆرانی هەرێم بدۆزرێتەوە.
“ئەوەی تێبینیمان کرد لە لای سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی، ئەوە بوو وەڵامدانەوەیەکی دۆستانەی نیشتمانییانە هەبوو”، ئاوات شێخ جەناب وای وت.
وەزیری داریی راشیگەیاند، هیچ رێگرییەکیان لە بارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە نەبینیوە، کە بڕیارە بەغدا بۆ پێدانی موچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم بینێرێت.
لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە ناردنی 700 ملیار کراوە و مانگێکی نێردراوە و هێشتا دوو مانگی ماوە.