داهێنانێکی دیکەی عێراقی

عێراق غاز لە تورکمانستان دەکڕێت و دەبێ پارەکە بداتە ئێران

+964

ژووری هەواڵ

رەنگە ئەمە سەیرترین سەودا و مامەڵە بێت لە مێژوودا، عێراق بە نیازە گازی سروشتی لە تورکمانستان بکڕێت، بەڵام ئێران بە نیازە ببێتە برا بەش و پارەیەکی باش بۆ خۆی وەربگرێت.

پوختەی بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئێستا ساڵانە عێراق ڕێژەیەکی زۆری گازی سروشتی لە ئێران دەکڕێت و یەک لەسەر سێی کارەبای عێراق بەو غازە دابین دەکرێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بۆریەکەی دەگرێتەوە، ئێستا عێراق بۆ ئەوەی خۆی لەو ریسکە دەرباز بکات بە نیازە بڕێکی باش گازی سروشتی لە تورکمانستان بکڕێت، کێشەکە ئەوەیە ئەو گازەی تورکمانستانیش هەر بە بۆرییەکی ئێراندا دەگات، بۆیە ئێران شتێکی لەم سەوداو مامەڵەیە دەست نەکەوێت لێی دەرناچێت.

پسپۆڕێکی وزە لە ئێران پێشنیارێکی سەیری بۆ حکومەتەکەی کردووە، دەڵێ وەرن با خۆمان غازەکە لە تورکمانستان بکڕینەوە و بە گرانتر بە عێراقی بفرۆشینەوە، نەهێڵین خۆیان بە تەنیا رێک بکەون، ئەمەش بۆ عێراق فەرقێکی زۆر دەکات، چونکە ئەو غازەی ئێران بە عێراقی دەفرۆشێت نرخەکەی چوار ئەوەندی وڵاتانی ترە، لەم بارەشدا ئێران ساڵانە یەک ملیار دۆلار زیاتر لە عێراق وەردەگرێت، ئەم پێشنیارە رامین نوربەخش بۆ حکومەتی ئێرانی کردووە و لە ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوبووەتەوە.

هەفتەی پێشوو عێراق رایگەیاند یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەگەڵ واژۆ کردووە و چاویان لەسەر غازی ئەو وڵاتەیە، بەڵام دیارە ئێران قسەیەکی تری هەیە، بە تایبەتی کە ئێرانییەکان لە عێراقدا قسە رۆیشتوو، گوێ لێ گیراون.

لە بەریتانیا ناوەندێکی توێژینەوە هەیە بە ناوی ناوەندی گەشەپێدانی جیهانی، ئەمانە هەندێ توێژینەوە دەکەن بۆ کۆمپانیا و دامەزراوەو حکومەتەکان، ئەمجارە لەسەر ئەو غازەی تورکمانستان راپۆرتێکیان ئامادە کردووە، کۆپییەکی راپۆرتەکە گەیشتووە بە 964

ناوەندەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەم رێکەوتنە بۆ ئێران زۆر سوودبەخش دەبێت، چونکە پارەیەکی زۆری دەست دەکەوێت، ئێران ئێستا غازەکەی خۆی بە چوار ئەوەندەی نرخی جیهانی دەفرۆشێت، بەڵام رەنگە ئەمریکا بەمە زۆر نیگەران بێت، چونکە ئێران سوودی لێ دەبینێت و کاریگەری ئابڵوقە ئابوورییەکەی کەم دەکاتەوە.

بژاردەیەکی دیکەی عێراق ئەوەیە، غازەکە لە تورکمانستانەوە بنێردرێت بۆ دەریای قەزوین و لەوێوە بۆ ئازربایجان، ئینجا بچێتە تورکیا و بێتە عێراق، جا ئێرانیش بەمە رازی نابێت، بۆیە وەک دەڵێن عێراق هەم ئەمی چوو، هەم ئەوی چوو.

لەماوەی شەش مانگدا 10 جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی ک...

لەماوەی شەش مانگدا 10 جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر