بە قاچاغ بۆ دەرەوە
نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار لە فڕۆکەخانەی بەغدا گیرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت، لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیراوە بەسەر 400 هەزار دۆلار کە چەند کەسێک ویستویانە بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.10.2023، ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوەیپێکرا کە تێیدا دەردەکەوێت، دۆلارەکان لەناو دەفتەری تیانووسیندا شاردراونەتەوە.
“داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ ئاشکراکردنی هەر حاڵەتێکی پەیوەست بە دەستکاریکردن یان قاچاخچێتی دراو، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری نرخی دراو و رێگریکردن لە تێکدانی ئابووری وڵات”، شانەی راگەیاندی ئەمنی عێراق وا دەڵێت.
دەشڵێت، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیان بەسەر ئەو بڕە دۆلارەدا گرتووە، کە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی ببرێتە دەرەوەی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ھێزە ئەمنییەکان شەو و رۆژ بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئەوەی بەدوای ھەموو ئەو کەسانەدا بگەڕێن کە سامانی ئەم وڵاتە بەقاچاخ دەبەن بۆ دەرەوەی وڵات زیان بە ئابووری نیشتمانی دەگەیەنن”.