کەسوکاری شەهیدان بە بەلاش چارەسەر دەکرێن

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا کەسوکاری شەهیدان لێخۆشبوونی ١٠٠٪ـی نرخیان لە نەخۆشخانە گشتییەکان و ٥٠٪ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ دەکرێت، بە قسەی وەزارەتی شەهیدان.

+964 لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمەوە دەزانێت، ماوەی سێ مانگە وەزارەتی شەهیدان و وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی کۆنووسێکن و هەفتەی پێشوو بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران لەنێوانیاندا واژۆ کراوە.

عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بە +964ـی وت، هەوڵەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدانە، چونکە داواکارییەکی زۆریان لە بواری تەندروستی و چارەسەردا هەبوو.

“داشکاندنەکە بۆ ئەوان لە نەخۆشخانە گشتییەکان ١٠٠٪ـە و تایبەتەکانیش ٥٠٪، هەنگاوەکە جێگەی دڵخۆشییە و خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەهیدان دەکات”، عادل مەلا ساڵح وای وت.

پێشتر لە نەخۆشخانە حکومییەکان داشکاندنی ٣٠٪ بۆ کەسوکاری شەهیدان دەکرا.