وەزارەتی پەروەردە بۆ یەکێتی؛ گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندن نەکراوە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، وەڵامی قسەکانی کادیرێکی باڵای یەکێتیدەداتەوە، رەتی دەکاتەوە جیاوازی لە پرۆگرامی خوێندن هەبێت و دەڵێ؛ ئەگەریش هەبێت وەزیرەکەی یەکێتی بەرپرسە.

رۆژی ٢٠ـی کانونی یەکەم، کەناڵی سۆمەرییە لە زاری غەیاس سورچی، کادیری باڵای یەکێتی دەیگوازێتەوە “پارتی و یەکێتی گرفتەکانیان تا ئەو ئاستەیە، ناکۆکیان لەسەر پرۆگرامی خوێندنیش هەیە”.

+964 لە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە پەیوەندی بە غەیاس سورچی کرد، ئەو دەڵێت “بۆ چەندینجار داوامان کردووە، پرۆگرامەکانی خوێندن  لە نێوان هەولێر و دهۆک و سلێمانی بە یەک دیالێکت بێ، بەڵام پارتی گوێمان لێناگیرێ”.

حەسەن سەرتیپ، بەڕیوەبەری گشتی پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، سەبارەت بەم هەواڵە، ئۆباڵی هەر جیاوازیەک دەخاتە ئەستۆی یەکێتی خۆی، زیاتر وتی “پرۆگرامەکانی خوێندن جیاوازیان نیە، هەر جیاوازیەک هەبێ تەنیا لەرووی شێوە زارەوەیە، لە زاخۆ تا هەڵەبجە هەمان کتێبەکانی پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردە دەخوێندرێت، ئەوە نەبێ لە پارێزگای دهۆک، بەبێ گۆڕانکاری لەیەک فاریزە کتێبەکان وەرگێڕدراونەتە سەر شێوە زاری کرمانجی، ئەم بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٠، لەلایەن دکتۆر دڵشاد عەبدولرەحمان درا، ئەو وەزیری پێشووی پەروەردە بوو لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان”.

  +964 زانیویەتی، گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە، ئەو کات بڕیاردرا پرۆگرامی خوێندنی هەموو پارێزگاکان یەکبخرێت، تەنیا تایبەتمەندی وەرگێڕانی ئەو پرۆگرامانە بۆ شێوە زاری کرمانجی درایە پارێزگای دهۆک، بەمەرجی ئەوەی تەنیا یەک فاریزەش دەستکاری نەکرێت.