هاوین و زستان تێکەڵ بووە
964+
ژووری هەواڵ
تا ئێستا لە غەزە و ئیسرائیل زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەزار باڵەخانەش تەختی زەوی کراون کە زۆرینەی رەهایان لە غەزەن.
ئیسرائیل هۆشداری داوەتە دانیشتوانی بەری باکوری غەزە چۆڵی بکەن و بەرەو باشوری شارەکە بەڕێبکەون.
بەشی باکوری غەزە بەوە ناسراوە کە زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی حەماسی تێدایە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئەو هۆشداریەی ئیسرائیل هاتە جواب و دەڵێت، کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
ئیسرائیل حەوت رۆژە هێز و سەرباز و تانک و تەیارە لە سنورەکانی غەزە کۆدەکاتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا دەڵێن، ئەمجارە گەڕانەوەیان نییە و ئەوەی پێشتر نەیانکردووە دەیکەن.
لە ئیسرائیلەوە دێینەوە بۆ لای خۆمان، کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو سبەی یەکشەممە، گەرما دوو بۆ سێ پلە بەرز دەبێتەوە و پروشکە بارانیش دەبارێت.
پروشکە بارانەکە زیاتر ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستان گەرمیان دەبێت بە 38 پلەی سیلیزی، حاجی ئۆمەرانیش لە هەمووی فێنکترە و تەنیا تاوەکو 21 پلە دەڕوات.
کەش و هەواوە بۆ سەیرانگای دوکان، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، پیاوێکی 41 ساڵەی لە کەپرە گەشتیارییەکانی دوکان بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکردووە.
پیاوەکە لە دوای سکاڵای هاوڵاتیەکەوە دەستگیرکراوە بەوەی لە کەپرەکانی دوکان دزی لێکراوە، بەڵام پۆلیس نەیدرکاندووە پیاوەکە چی دزیوە و بە چ رێگایەک دۆزیویانەتەوە.
پۆلیس دەشڵێت، پیاوەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.