موچەکەشیان دیاریکراوە
74 ده‌رچووى كۆلیژ لە وەزارەتی کار دامه‌زران
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەپێی فەرمانێک، كە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرچووە و وێنه‌یەكی دەست 964 كەوتووە، ئاماژە بە دامەزراندنی ژمارەیەك ده‌رچوو كراوه.
به گوێره‌ى فەرمانەكە “دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانی وەزارەتی دارایی، بڕیار درا 74 كەس بە گرێبەست لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزای كۆیە دابمەزرێن”.
دامه‌زراندنى ئه‌و ده‌رچووانه تایبه‌ت ده‌بێت به پەیمانگاكانی نابیستان، نابینایان و بیركۆڵانی ئه‌و شوێنانه‌ى ئاماژه‌یان پێكراوه و ناونیشانى كاركردنیشیان “وانه‌بێژ” ده‌بێت و موچه‌ى مانگانه‌شیان له نێوان 400 تا 500 هه‌زار دیناره.
به پێی نووسراوه‌كه مەرجی گرێبەستەكە ئەوەیە، نابێت ئه‌وه‌ى داده‌مه‌زرێت موچەی دیكەی هەبێت.
لای خۆیه‌وه بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتیی سلێمانی له سۆشیال میدیاى خۆى بڵاویكرده‌وه، ئه‌و ده‌رچووانه‌ى له سنووره‌كه‌یاندا ناویان بۆ دامه‌زراندن گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له رۆژى 15.10.2023 سه‌ردانیان بكه‌ن، بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکان و دەستبەکاربوونیان.
964 ده‌زانێت، دامه‌زراندنى ئه‌و 74 ده‌رچووه، مانگی رابردوودا لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە راگه‌یه‌ندرا و دواتر به ره‌چاوكردنى خاڵبەندی، بڕیاری دامەزراندنیان درا.