گردبونەوەی مامۆستایانی وانەبێژی چەمچەماڵ. وێنە :964
سبەینێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن
وانەبێژانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ موچەیان وەرگرت
964+
توانا نەقی
بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵبجە ئەمڕۆ موچەی مانگی حەوتیان وەرگرت و سبەینێش خۆپیشاندان دەکەن.
ئەو موچەیەی وانەبێژان وەریانگرتووە کە خۆیان بە شایستەی دارایی ناوی دەبەن تەنیا هی مانگی حەوتە و مانگەکانی هەشت و نۆیان لای حکومەتە.
کارزان فیزیک نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەشێکیان موچەیان وەرگرتووە، بەڵام بەو موچەیە بایکۆت ناشکێنن.
وتیشی، نزیکەی 40 رۆژە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و بۆ جارێکی دیکە سبەینێ چوارشەممە، لەبەردەم پەروەردەکان خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن.
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هیچ داواکارییەکیان نییە، موچە حەقی خۆیانە و دەبێت بیاندرێتێ، تەنیا ئەوەنەبێت کە دەبێت دابمەزرێندرێن و لەسەر ئەو داوایە بەردەوام دەبن.
964 دەزانێت، ژمارەی وانەبێژان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاترە لە 35 هەزار مامۆستان و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.