سێ هەفتەیە خوێندکارەکانی ناڕازین

کۆلیژێکی پزیشکی هەرێم ناوی لە رێکخراوێکی جیهانی تۆمارکرا

964+

فەهمی نەبی

شەوی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، کۆلیژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە رێکخراوی کۆلیژە پزیشکیەکانی زانکۆکانی جیهان تۆمارکرا.

نزیکەی سێ هەفتەیە خوێندکارانی ئەو کۆلیژە داوا دەکەن کۆلیژەکەیان دابخرێت و بخرێنە سەر زانکۆ پزیشکیەکانی دیکە، خوێندکاران هۆکاری ناڕەزایەتیەکانیان بۆ نەبوونی تاقیگە و نەبوونی پێداویستیەکان دەگەڕێنەوە، هاوکات خوێندکاران دەڵێن کۆلیژەکەیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو نییە.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ 964 وتی، ئەم بڕیارە بایەخێکی زۆری هەیە، لەمەوبەدوا دەرچوانی ئەو کۆلیژە دەتوانن لە زانکۆکانی جیهان درێژە بە خوێندن بدەن و لە پرۆگرامەکانی راهێنان لە زانکۆکانی جیهان بکەن.

بەوتەی عەباس ئەکرەم، ئەم بڕیارە داخوازیەکی گرنگی خوێندکاران بەجێدەگەیەنێت، چونکە لە زانکۆ جیهانییەکان وەک کۆلیژێکی دانپێدانراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

کۆلیژی پزیشكی زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە و ئەوانەی لەو کۆلیژە دەخوێنن ژمارەیان 260 خوێندکارە.

بەهۆی ئەو گرفتەی هەیانبوو، ئەمساڵ زیاتر لە 100 خوێندکاری کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان داوای گواستنەوەیان کردووە بۆ کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، بەڵام بە پێی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا 20%ـی ئەوانەی داوای گواستنەوەیان کردووە قبوڵ دەکرێت.

قوتابیه‌كی کۆلیژی پزیشكیی گه‌رمیان: پێیان وتووین بڕۆ...

قوتابیه‌كی کۆلیژی پزیشكیی گه‌رمیان: پێیان وتووین بڕۆین له‌ یۆنان بخوێنن