سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وا دەڵێت

“خولی نایابی کوردستان دواناخرێت”

964+
هێژا خەسرەو – هەولێر

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دڵنیایی دەدات لە دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نوێی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان.

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بەهۆی نەبوونی پارە و بەدەستنەگەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی کە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان داوایکردووە بۆ خولەکانی کوردستان، یارییەکانی دەستپێکی خولی نایابی کوردستان دوادەکەوێت.

تاریق عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “هیچ گومانێک لە دواکەوتنی دەستپێکردنی خولی نایاب نییە و لە رۆژی 25ـی ئەم مانگەوە یارییەکانی خول بەڕێوەدەچن، راستە پارەی بەڕێوەچوونی خولمان بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام هیچ شتێک لە ئارادانییە و دڵنیاتان دەکەمەوە خول لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت”.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەوەشی وت، چوارشەممەی داهاتوو یاری کۆتایی خولی تازەپێگەیشتووان لە نێوان هەولێر و هندرێن لە شاری هەولێر دەکرێت و رۆژی 18ـی ئەم مانگەش یاری جامی سوپەری کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەفتەیەک یان دوو هەفتە لە خولی نایاب، هەردوو خولی پلە یەک و پلە دووش بەڕێوەدەچن.

سەبارەت بە کشانەوەی یانەی ئارارات، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وتی، ئەو یانەیە نووسراوی فەرمیان پێشکەش نەکردووین، ئەوان ناویان لە خشتەدا هەیە، تاوەکو سێ یاریش لە دەستپێکی خول چاوەڕێیان دەکەین، دواتر ئەگەر ئامادەنەبوون بە پێی یاسا دووردەخرێنەوە لە خولی نایاب، لە یانەی دهۆکیش تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەمجۆرەمان بەدەستنەگەیشتووە.

تاریق عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەدا کە یارییەکانی وەرزی نوێ، پێویستە تاوەکو کۆتایی مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو تەواوببن بۆ ئەوەی بۆ جامی کۆنیفا ئامادەبین.

بۆ رێگەگرتن لە دواخستنی یارییەکان، ئەمساڵ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یانەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە ئەگەری هەر رووداوێک لە یاریگاکەیاندا یاری دووەمیان دەستنیشانبکەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی