چل نەخۆش چاوەڕوانی 15 قەرەوێڵەن
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
ماوەی مانگ و نیوێکە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، گرفتی کەمی قەرەوێڵەی نەخۆشیان هەیە، بەجۆرێک 40 نەخۆش لە چاوەڕوانی وەرگرتنی 15 قەرەوێڵەن.
محەمەد ئەحمەد، کوڕی یەکێکە لەو نەخۆشانەیە، سەرەتای نەخۆشکەوتنی باوکی سەردانی نەخۆشخانەی شاری کردبوو، دەڵێت، “هاتینە ئێرە وتیان شوێن نییە، بردمان بۆ نەخۆشخانەی تایبەت 10 رۆژ لەوێ ماینەوە بۆ هەر شەوێک 500 هەزارمان دەدا، بە نرخی دەرمانەوە تێچووەکەی تاوەکو ملیۆنێک دینار بوو، بەڵام سەرەمان بەرکەوت و هاتینە ئێرە”.
نەسرین حەمەنەجم، ئەویش یەکێکی ترە لەو کەسانەی گرفتی خەواندنی نەخۆشیان هەبووە، ئەو هاوسەرەکەی جەڵتەی مێشک لێیداوە، وتی، “زۆر هەوڵماندا لێرە بیهێڵینەوە، بەڵام پێیان وتین جێگا نییە، بە ناچاریی چوینە نەخۆشخانەی تایبەت بۆ هەر شەوێک 400 دۆلارمان دەدا، دوای سێ هەفتە شوێنمان بەرکەوت”.
“بەشی چاودێری چڕ هەستیارترین بەشی نەخۆشخانەیە، بە جۆرێک کەسی نەخۆش دەبێ بە زووترین کات بخرێتە ژێر چاودێری چڕ بە پێچەوانەوە کێشە دەکەوێتە کۆئەندامی دەمار و مێشکی نەخۆش”، ئەمە وتەی دکتۆر سەفین ئیسماعیل، پسپۆری نەخۆشیە گوازراوەکانە.
د. ئومێد عەلی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شار، لەبارەی ئەو گرفتەوە بە 964+ی وت: “لەسەروەختی کۆرۆنا 65 کارمەندی گرێبەستمان هەبوو بە موچەی 400 هەزار دینار، ئەمە وای کردبوو لە بەشی چاودێری چڕ بەردەوام 27 نەخۆش خزمەت بکرێن، بەڵام ئەمساڵ حکومەت بودجەی ئەو گرێبەستانەی بڕی، لێرەوە ئەو گرفتەمان بۆ دروست بوو، لە ئێستادا 15 قەرەوێڵە بۆ نەخۆش بەردەستە، حەوت کارمەندمان هەیە”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار ئەوەشی وت، “هەشت لەو نەخۆشانانە، بۆ ماوەی حەوت مانگە لەو بەشە خەوێندراون، لە ئێستادا تەنیا حەوت قەرەوێڵەمان هەیە، نەخۆشمان هەبووە لەچاوەڕوانی بۆ بەشی چاودێری چڕ گیانی لەدەست داوە، لە کاتێکدا تەنیا 20 ملیۆن دینار پێویستە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە”.
محەمەد عەلی، بریکاری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەو گرفتەی نەخۆشخانەی شار دەڵێت، “نوسراومان کردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی ئەوانیشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بە مەبەستی دامەزراندنی 125 کارمەندی خۆبەخش، ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت بەپێی پێویست، ئێ پێویستی لەوە زیاتر چی؟”.
بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، ستانداردی جیهانی بۆ مانەوەی هەر نەخۆشێک لە بەشی چاودێری چڕ، پێویستە هەر نەخۆشێک لە ماوەی 24 کاتژمێر نۆ کارمەندی بۆ تەرخانبکرێت.