نینا کەوتە ناو مەنهۆڵێکەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
سێ رۆژ لەمەوبەر، لە سلێمانی ئەندازیارێکی ئاودێریی کەوتووەتە ناو مەنهۆڵێکەوە لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، دوێنێ چوارشەممە بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەو کچە ئەندازیارە ناوی نینا حسێنە، دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی +964، کە لە کەسێکی نزیکی ئەندازیارەکەوە بەدەستیهێناوە، نینا لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کاریکردووە، لە کاتی کارکردندا کەوتووەتە ناو مەنهۆڵێکەوە.
مەنهۆڵەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەشێکی ئاوەڕۆی پڕۆژەکە لێ دراوە و نینا سەرپەرشتیی کارەکەی کردووە.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند، ئەندازیارەکە لە کاتی کارکردن کەوتووەتە ناو مەنهۆڵێکەوە و دوای برینداربوونی گیانی لەدەستداوە.
ناوبراو ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە بدرکێنێت.