وێنەی ژمارەیەک تانکەر لەکاتی گواستنەوەی سوتەمەنی لە دەروازەی پەروێزخان - فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
دژی بڕیارێکی ئێران بوون
دوای سێ کاتژمێر جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەستیپێکردەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ ماوەی سێ کاتژمیر جوڵەی بازرگانی و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە دەروازەی پەروێزخان و لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران راگیرا.
بە هۆکاری ئەوەی شۆفێرانی بارھەڵگری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، دژی بڕیارێکی لایەنی ئێرانی بوون، بۆ بچوککردنەوەی تانکی گازوایلەکانیان و گردبوونەوە، بەوهۆیەشەوە جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە راگیرابوو.
بە گوێرەی سۆراغی 964، بەشێک لە بارهەڵگرەکان، لە نێوان هەردوولا بازرگانی شاراوە بە هێنان و بردنی بەرهەمە سووتەمەنییەکان دەکەن، “بەڵام، دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە راوەستانی جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە گرفتی شۆفێرانی بارھەڵگر چارەسەر کرا”.
یەکێک لەو شۆفێری بارھەڵگرانە، کە ویستی ناوی ئاشکرا نەکرێت بە 964ى وت، “لە دیوی ئێرانەوە بۆیان کرابوو بە مەرج کە تانکی گازوایلی ئۆتۆمبێلەکانیان بچوک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی گازوایلی کەمتر بکەنە ئۆتۆمبێلەکانیان، چونکە لە ئێران نرخەکەی ھەرزانترە و شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ گازوایل دەکەن”.
ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەش کرد، “نزیک کاتژمێر 11:30 دوای قسەکردنی بەرپرسانی مەرزەکە لەگەڵ ئێران گرفتەکەیان چارەسەر کراوە، کە تانکی گازەکەیان بچوک نەکەنەوە و ئێستا جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە دەستیپێکردووەتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا