مەشقەکانی یانەی نەورۆز لە یاریگەی ئاسۆ لە هەولێر. فۆتۆ:964
یانهی نهورۆز به ژماره 16ی گرتووه
+964
هێژا خەسرەو – هەولێر
یانەی نەورۆز بە زۆرترین گۆڕانکارییەوە خۆی بۆ یارییەکانی خولی پرۆ لیگی عێراق ئامادەدەکات، 16 یاریزانی بهڕێكردووه و 16 یاریزانیشی هێناوه ریزهكانی.
یانەی نەورۆز دەیەوێت بە باشترین شێوە بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی پرۆلیگی عێراق ئامادەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە شاری هەولێر کردووەتەوە.
نەورۆز ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی زۆری لە پێکهاتەی تیپەکەی ئەنجامداوە و 16 یاریزان ریزەکانی یانەکەیان جێهێشتووە و گرێبەستیشیان لەگەڵ 16 یاریزان واژۆ کردووە، کە چوار لەم یاریزانانە پیشەگەرن.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت: ئێستا تیپەکەمان خاوەنی 32 یاریزانە، هیچ کێشەیەک لە یانەکەماندا نییە و هیچ گرێبەستێکی تر واژۆ ناکەین، دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لای ئێمە داخراوە و پێویستمان بە هیچ نییە.
راهێنەری نەورۆز دەستی لە کار کێشایەوە و یانەکەی رەتیدەکاتەوە
وەلی دەڵێت: متمانەمان بە خۆمان هەیە، لە وەرزی نوێدا باشتر دەبین لە وەرزی رابردوو، ئامادەیی ئەمساڵمان باشترە، یاریزانەکان باشتر راهێنان دەکەن و دڵنیام ئەم کەمپە سوودی زۆرمان پێدەگەیەنێت، کارمان لەسەر تەواوی پلانەکانمان کردووە، دەزانین چۆن لەگەڵ بارودۆخەکاندا خۆمان بگونجێنین.
یانەی نەورۆز لە ماوەی کەمپی مەشق و راهێنانیدا لە هەولێر یاری دۆستانە بەرامبەر یانەکانی شوڕتە، نەفتی میسان، تەڵەبە و حدوود دەکات.
ئەم وەرزە سێیەم وەرزی یانەی نەورۆزە لە خولی عێراقدا و لە وەرزی رابردووشدا یانەکە پلەی دەیەمی خولەکەی وەرگرت بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا