به‌ 22 گوند ئه‌م یاریگایه‌یان هه‌یه‌

یاریگای ئالانە کەڵکی یاریکردنی نەماوە

964+

ئاکام غەفور – خەلیفان

یاریگا شەش یاریزانییه‌كه‌ى گوندی ئالانە به‌هۆى بوونى چاڵ و چۆڵێكی زۆر، کەڵکی یاریکردنی نەماوە، وەرزشوانانی ناوچەکەش داوای نۆژەنکردنەوەی دەکەن.

لە 22 گوندى ناوچه‌كه‌ ژمارەیەکی زۆر تیپی میللی بوونیان هەیە، به‌هه‌مووشیانه‌وه‌ ته‌نیا یاریگای ئالانەیان هه‌یه‌، به‌ڵام بەهۆی خراپبوونى، ناچارن بۆ یاریکردن روو لە قه‌زاى خەلیفان و ناحیه‌ى بالیسان بکەن.

سەعید نەجات وەرزشوانێکی دۆڵی ئالانەیە بۆ 964 وتی ”بە داخەوە وەرزش لە وڵاتەکەمان پشتگوێ خراوە، یاریگاکەمان کە سکۆیەک بوو بۆ کۆبونەوەی گەنجان وێران بووە و بە کەڵکی یاریکردن نایەت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ناچارن بۆ یاریكردن رێگایەکی دوور ببڕن و ژمارەیەکی زۆرى وەرزشوانیش به‌م هۆیه‌وه‌ وازیان لە یاریکردن هێناوه‌.

بۆ بەدواداچونی ئەو پرسە 964 پەیوەندی کرد بە مەغدید عەریف ئەحمەد قایمقامی خەلیفان بە وەکالەت و رایگه‌یاند كه‌ داواکاریان پێشکەشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، بەڵام ده‌ڵێت “تاوه‌کو ئێستا وه‌ڵاممان نەدراوەتەوە”.

یاریگای ئالانە لە ساڵی 2010 دروستکراوە، حه‌وت ساڵ وەرزشوانانی سنووره‌كه‌ یاریان تێداکردوە، بەلام لە ساڵی 2017ـه‌وە تا ئێستا تێكچووه‌ و کەڵکی یاریکردنی نەماوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن