لەسەر کێشەی پووش و پاوان داریان کێشاوە بەسەریدا و گیانی لەدەستداوە

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری زاخۆ لەسەر کێشەی سوتانی زەوی پیاوێک بە لێدانی دار کوژرا.

رووداوەکە لە گوندی رەبەنکای زاخۆ بووە، کاتژمێر 1:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە.

ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 راگەیاند، تەرمەکەی لە پزیشکی دادی زاخۆیە بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر بکرێت، تۆمەتبارەکە خوی رادەستی پۆلیس کردووە و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە.

بەوتەی شایەتحاڵێک کە بۆ 964 قسەیکردووە، ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی 65 ساڵە، دەمەقاڵێی دەبێت لەگەڵ کەسێکی دی لەسەر سووتانی پەرێز، کەسێک هێرشی دەکاتە سەر و بەدار دەیکێشێ بەسەریدا و لە هۆش خۆی دەچێت، دوای ئەوەی دەگەیەنرێت بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی وتەی شایەتحاڵەکە، دوای ئەوەی کوڕەکەی باوکە بریندارەکەی دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەرێگا دووچاری رووداوی هاتوچۆ دەبێت، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا راپۆرتی پزیشکی دادی دەرینەخستووە هۆکاری مردنەکەی کام رووداوە بووە.