دادگای فیدڕاڵی بەردەوامبوونی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

دادگاى فیدراڵى یاساى ژمارەى 2ـى ساڵى 2019ـى پەرلەمانى کوردستانى تایبەت بە بەردەوامبوونى کارى ئەنجومەنى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.

بەپێی بڕیارەکە بێت، ئەو یاسایەی کە لە هەرێمی کوردستان بە پێنج ماددە بۆ بەردەوامی کارەکانی ئەو ئەنجومەنە دەرچوێندراوە، بەهۆکاری ئەوەی لە پەرلەمانی هەڵوەشێندراوەی هەرێمی کوردستان بووە لە ئەمڕۆوە ئەو ئەنجومەنانە دەکەونە بۆشایی یاساییەوە.

رێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 24.9.2023 بە 964ی وت، “سکاڵاکەیان لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەکە لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوون، کە یەک پاکێچی هاوپێچ بوو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان”.

رێبوار ئەوڕەحمان وتیشی، “دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارەى 2ـى ساڵى 2019ـى پەرلەمانى کوردستان بڕیاری بەردەوامی درابوو. بەوپێیەش دەبێت ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە موچەی پێنج ساڵیان بگەڕێننەوە”.

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژى 30.5.2023 دادگاى فیدراڵى لەسەر سکاڵایەکى نەوەى نوێ درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە.