لە بەغداوە پارە هات

964+
ژووری هەواڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خراوەتە سەر هەژمار بانکی وەزارەتەکە.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینار بگاتە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بکات.

لە 17.9.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی موچەی سێ مانگی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار.

لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین، وەک قەرز دەخرێتە سەر هەژمار بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو 700 ملیار دینارەی کە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ موچەی مانگی تەمموز تەرخاندەکرێت.