لەجیاتی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان تیمیان بۆ پێکدەهێنن
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوای لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردبوو بەڕێوەبەرایەتیەکی رێگەوبانیان بۆ بکەنەوە، لەجیاتیدا بڕیاردراوە تیمی رێگاوبانیان بۆ پێکبهێنن، قائیمقامیش دەڵێت، هەر باشە و گرفتەکانیان کەمدەکاتەوە.
+964 لە قائیمقامییەتی دەربەندیخانەوە دەزانێت، لە ئەیلولی ئەمساڵەوە نوسراو بۆ پارێزگای سلێمانی و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کراوە بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان لە قەزاکە، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی تیمێکی رێگەوبان داوە بە پێداویستییەکانەوە.
سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان بە +964ـی وت، “درووستکردنی ئەو تیمە سودێکی زۆری دەبێت بۆ رێگەوبانی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.”
دەربەندیخان تا ساڵی ٢٠٠٩ بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی هەبوو، بەڵام بەهۆی گواستنەوەی ئیدارەی گەرمیانەوە بەڕێوەبەرایەتییەکەش بۆ شاری کەلار گواسترایەوە.
“پێویستیی زۆرمان بەو تیمە هەیە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا رێگەکان دادەخرێن و هاتوچۆ تووشی ئاستەنگ دەبێت”، سلێمان محەمەد وای وت.
قەزای دەربەندیخان چوار رێگەی سەرەکی لەسەرە، دەربەندیخان – کەلار، دەربەندیخان – سلێمانی، دەربەندیخان – قەرداغ و دەربەندیخان – مەرزی پشتە. هەروەها ٥٢ گوندی لەسەرە و ناوچەیەکی شاخاوییە.