ئێوارەی ئەمڕۆی کەلار بێ رووداوی هاتوچۆ تێنەپەڕی
964+
فەهمی نەبی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوو شوێنی جیاوازی رێگای کەلار دوو رووداوی هاتوچۆ روویدا و چوار برینداری لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لەرێگای کەلار بۆ کفری نزیک گوندی فەتاح عومەر، بارهەڵگرێکی جۆری کیا وا دەردەکەوێت داری نەجاری بارکردووە وەرگەڕاوە و دوو سەرنشینی ناوی بریندار بوونە.
لەهەمان کاتی ئەو رووداوە لەرێگای نێوان کەلار بۆ گوندی ساڵح ئاغا ئۆتۆمبێڵێکی جۆری نیسان وەرگەڕاوە و لەوەشیان دوو سەرنشین بریندار بوونە.
بەپێی راگەیەنراوی هاتوچۆی گەرمیان هەر چوار بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار.
بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان، کە تایبەت بە 964 دراوە، کۆی رووداوەکانی شەش مانگی ئەمساڵ 220 رووداوی هاتوچۆ هەبووە و لەکۆی رووداوەکانیشدا 297 کەس بریندار بوونە.