فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەرە بەرگرییەکان کۆتاییهات
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەرەکانی بەرگری کۆتایی هات، پاڵەوانە کوردەکانیش ئەنجامی شایستەیان بەدەستهێنا.
ئەمرۆ هەینی 22.9.2023، لە هۆڵی یانەی سلێمانی، ناوەندی وەرزشی کوردستان بە هاوکاری فیدراسیۆنی هونەرە بەرگرییەکانی عێراق، کۆتایی هێنا بە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی هونەرە بەرگرییەکان.
لە رۆژی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکەدا چەند رووبەروبونەوەیەکی بەهێز ئەنجامدرا، لە یارییەکانی بۆکسێن پاڵەوانی کورد، کامیل محەمەد و مێرت دۆگان-ی پاڵەوانی وڵاتی تورکیا روبەرووی یەک بوونەوە، تێیدا کامیل محەمەد ئاستێکی بەرزی نیشاندا و تەنیا لە جەولەی یەکەمدا توانی بردنەوە بەسەر رکابەرەکەیدا تۆماربکات.
پاڵەوانیەتیی هونەرە جەنگییەکان دەستیپێکرد
کامیل محەمەد پاڵەوانی بۆکسێنی کورد بە 964ـی وت، کردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانیەتیانە لە شارەکەیان گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پێشخستنی ئاستیان.
یەکێکی تر لە یارییە بەهێزەکانی ئەم پاڵەوانیەتیە و لە یاری MMA دا، فەرهەنگ ئیبراهیمی پاڵەوانی کورد، لە کێشی 75 کیلۆگرامدا رووبەروی عەلی یەزدانی پاڵەوانی وڵاتی ئێران بوەوە، دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەهێز لەلایەن هەردوو پاڵەوانەکەوە، دواجار فەرهەنگ ئیبراهیم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکی تردا، رێبین فازیل لە کێشی 66 کیلۆگرامدا شکستی بە،سەجاد عەلی پاڵەوانی عێراق هێنا، دوای تەواوبوونی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتیەکە، لە کۆی 50 پاڵەوانی کورد کە بەشداری رکابەرییەکانی بۆکسێن و کیک بۆکسێن و کەی وەن و MMA و موای تای، 40 یاریزان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و قەڵغانی پاڵەوان بوونیان لە پشتکرا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا