بێ ئاوی جوتیارانی شارەزووری بردووەتە پێنجوێن

964+
ئەحمەد مستەفا

بەشێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور کۆچیان بۆ پێنجوێن کردووە، بەهۆکاری ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی ئاو هەبووە لە ناوچەکە.

لە شارەزوور لە وەرزی زستاندا هەریەک لە بەرهەمەکانی، گەنم، جۆ، نیسک و پاقلە هەروەها لە وەرزی هاویندا، شوتی، تەماتە، خەیار، کاڵەک، لۆکە، چەڵتوک و گەنمەشامی و چەند بەرهەمێکی دیکە دەچێندرێت، کە بەشێکیان بەردەوام پێویستییان بە ئاو و کەشوهەوایەکی فێنکە.

بەوتەی بەرپرسی کشتوکاڵی ناوچەکە بێت، “خەڵک لە هەریەک لە ناوچەکانی شارەزوور، عەربەت، سەیدسادق و سیروان بۆ کشتوکاڵکردن کۆچیان بۆ قەزای پێنجوێن کردووە یان لەو ناوچەیە زەوییان گرتووە بۆ کشتوکاڵکردن، پلەی گەرمی کەمترە و خاکەکەی لەبارترە”.

زۆرێک لەوانەی کۆچیان کردووە بژێویان لەسەر کشتوکاڵە، فەرەیدوون حوسێن، بەڕێوبەی کشتوکاڵی شارەزوور بە 964ی وت، “ئەمساڵ ئەزموونمان کردووە، کە لە مانگی حوزەیرانەوە جوتیارەکانمان نەیانتوانیوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی ئاو، وەک پێشتر کشتوکاڵ بکەن”.

هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو گەڕاندەوە، ئەو بەرێوبەرە وتی، “بەشێک لە جوتیارەکان بە سۆندە و لە رێگەی پشت بەستن بە ئاوی بیرەوە، دەتوانن ئاوی بەرهەمەکانیان بدەن، ئەو جوتیارانەشی نزیکن لە گۆمەکانەوە توانیویانە سود لە ئاوەکەی وەربگرن”.