ساردترین گوندی کوردستان ٢٧ پلە لەژێر سفڕە

چوویتە ئەو گوندە؟

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

مەحبوبە خان، هەر لەئێستاوە ئەو دارانەی بۆ وەرزی زستان ئەمباری کردووە، دەستی بە سووتاندنیان کردووە، ئەم خێزانە زۆپای داریان داناوەو لەو باوەڕەدا نین بەیەک بەرمیل نەوت بتوانن زستانی ئەمساڵیان لە کەشێکی گەرمدا بەسەر ببەن.

ئێرە گوندی کەژانە، ساردترین گوندی کوردستانە کە تەنیا دوانزە کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای پێنجوێنەوە دوورە، یەکێکە لە گوندە سنورییەکانی باشووری کوردستان.

زستانی رابردوو لەم گوندەدا پلەی گەرما ٢٧ پلە لەژێر سفری تۆمارکردووە، هەڵکەوتەی گوندەکە بەجۆرێکە کە ٣٠٠ مەتر لە شاخی ملەکەوەوە دوورە، ئەوجێگەیەش ساڵانە زۆرترین بەفری لێدەبارێت.

حەسەن ئەحمەد، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکەو دەڵێ؛ خوا پەنامان بدات لە سەرمای زستانی ئەمساڵ، ئێمە تەنیا یەک بەرمیل نەوتمان وەرگرتووە، ئەگەر چوار بەرمیلمان وەرگرتایە ئەوا ناچار نەدەبووین بکەوینە گیانی ئەو دارانە، بەڵام ناچارین پەنا بۆ دار ببەین.

هاوکات مەحبوبە ئەحمەد دەڵێ؛ کارەبا نیە، نەوت نیە، ناچارین دار بۆ سەرمای زستان ئەمبار بکەین بۆ دروستکردنی نان و کولێرەو خۆگەرم کردنەوەش.

 قوتابخانەی گوندەکە دەستی بەئامادەکاری کردووە، لێرە ٩٠ قوتابی دەخوێنن و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان دەکرێ، بە وتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە سێ مانگی زستاندا یەک هەزار لیتر نەوت بەکاردەهێنن.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی کەژان دەڵێ؛ جاری واهەیە شەوانەش زۆپا ناکوژێنینەوە، کەشە هێندە سارد دەبێت، ناچارین زۆپا نەکوژێنینەوە بۆ ئەوەی قوتابییەکان بتوانن بخوێنن.

لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی گوندەکە دانیشتووم، ئەوان تازە لەسەر کار هاتبوونەوە، رەنگە ئیتر دوا رۆژەکانی کارکردنیشیان بێت، چونکە وەرزی زستان لە گوندەکەدا سەختە و بەهۆی بەفربارینەوە ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

گوندی کەژان، لە ١٢٠ ماڵ پێکهاتووە، بەهۆی بوونی بە ساردترین گوند، کوچە، کۆڵان و  بەردەرگای ماڵی هیچ خێزانێکیان نابینی کۆگای داری نەکردبێت بۆ وەرزی زستان و ساڵی رابردووشیان لە پێش چاوە.

گوندی کەژان – +964