سلێمانی لە دوو تۆن و نیو هەنگوین و کاکڵە گوێزی ماوە بەسەرچوو پاککرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دوو تۆن و نیو هەنگوین و کاکڵە گوێزی خراپ بوو لە سلێمانی، دوای دەستبەسەردا گرتنیان لەناو بردران.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند؛ لەناو کۆگایەک لە سلێمانی بڕی دوو تۆن و ٥٠٠ کیلۆگرام هەنگوین و کاکڵە گوێزی خراپ بوو و ماوە بەسەرچوو، دەستیبەسەردا گیراوە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی کانونی یەکەم لەناوبراون.

“تەنیا هەنگوینەکە لە ٢٧ کارتۆن پێکهاتووە و هەر کارتۆنێک ٢٥ کیلۆکرامە،” رێکان جەمال وای وت.

قایمقامیه‌تی سلێمانی، لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، جگە لەو بڕە هەنگوین و کاکڵە گوێزە، بڕێکی دیکە لە خورما، شیلەی گەنمەشامی، ئاوی بەڕاد و رۆنی ئوتومبێلیش دەستیانبەسەردا گیراوە و لەهەمان شوێن، لە ناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون لەناوبراون.

دوێنێش، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند؛ لە کۆگایەکی گەڕەکی راپەڕین بڕێکی زۆر قاپ و کەوچک و پەرداخی پلاستیک و دایبی و پێداویستی ژنان، کە بەشی زۆریان چەندین ساڵ بوو بەسەرچووبوون، دەستیانبەسەردا گیرا.