وێنهى مهسرور بارزانى و جۆو بایدن ... گرافیك: 964+
نامەیەک بۆ جۆو بایدن: قورسە بەسەر ئەو رەوشەدا زاڵبین
964+
ئەحمەد مستەفا
پێگەیەکی ئەمریکی، نامەیەکی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراکرد، کە بۆی نوسیووە، “ئەگەر قەیرانەكە چارەسەر نەكرێـت هەرێمی کوردستانیش هەرەس دەهێنێت و قورسە بەسەر ئەو رەوشەدا زاڵبین”.
“ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەربارەی پشکی کورد”، ئامانجی سەرەکی نامەکەی مەسرور بارزانییە.
پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی نووسیویەتی، لە(3.9.2023) نامەكەی ئاراستەی سەرۆكی ئەمریكا كردووە و رۆژی یەكشەممەی رابردوو (10.9.2023) گەیشتووەتە دەستی جۆو بایدن.
لە نامەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی نیشانداوە بەرامبەر رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان و گوشارەكانی بەغدا و هۆشداری داوە، رەنگە ببنە هۆی هەرەسهێنانی هەرێم و ئەوەشی وتووە، “ئیدارەی ئەمریكا كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بەغدا هەیە”.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ جۆو بایدن ئاماژەی بەوەكردووە، “هیوادارین ئەمریكا لە رێگەی ئەو كاریگەرییەی لەسەر بەغدا هەیەتی، كۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت، ترسی ئەوەمان هەیە ئەو هەڵمەتە ناڕاستگۆیانەی لە دژمان بەرپاكراوە ببێتەهۆی هەرەسهێنانی هەرێم وەك قەوارەیەکی دەستووری”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادەنەبووە، هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو نامەیە بۆ پێگەکە بخاتەروو، بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتوویەتی، “ئێمە لێدوان لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادەین”، بەلام پێگەکە زانیویەتی، “تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە، کۆشکی سپی وەڵامی نامەکەی مەسرور بارزانی نەداوەتەوە”.